كردەوەیەك لە زیندانی ناوەندی سیئون لە مەكلا روویداو 22 زیندانی توانیویانە لە زیندان هەڵبێن، بۆیە دەستبەجێ وەزارەتی ناوخۆ فەرمانی دەستگیركردنەوەی ئەو زیندانیانەی دەركرد.
بە پێی هەواڵێكی پێگەی ئەلیكترۆنی(تغیر) وەزارەتی ناوخۆی یەمەن فەرمانی داوە بە پۆلیسی (وادی) لە بیابانی حەزەرمەوت تاوەكو لێكۆڵینەوەی چڕ و پڕ بۆ دەستگیركردنەوەی ئەو 22 زیندانیەی كە لە زیندانی سیئون هەڵهاتبوون، دەست پێبكەن.
وەزارەتی ناوخۆی یەمەن داوای كردووە لە كەمترین ماوەدا ئەو زیندانیانە دەستگیربكرێنەوە و پلانی ئەمنی توند لە نزیك باڵەخانەكانی دەوڵەت و شوێنەكانی دیكە لە ناوچەی وادی و بیابانی حەزەرمەوت، بگرنە بەر.
لای خۆشیانەوە پۆلیسی وادی و بیابانی حەزەرمەوت رایگەیاندووە، توانیویانە دوو كەس لەو زیندانیانە بە ناوەكانی(هانی شاكر و ولید مقەدەشی) دەستگیربكەنەوە.
ئەو زیندانیانەی دوێنێ توانیویانە لە كاتی نان خواردندا ئەو هەلە بقۆزنەوە و لە زیندان هەڵبێن، چونكە ئەو زیندانە وەكو پێویست چاودێر و پاسەوانی نییە.