به رێوبه ری ماڵپه ر:Hama Shamay
لە سەرەتای سەرهەڵدانی شەڕی سوریاوە لە ئاداری ٢٠١١وە تا ئێستا 129 ھەزار و 403 كەس کوژراون.
بە گوێرەی راپۆرتی رێكخراوی مافی مرۆڤ لە سوریا، لە رۆژی دەستپێكردنی شەڕ لەو وڵاتە لە 11ی ئاداری 2011ەوە تا ئێستا، لە ماوەی ھەزار رۆژدا، لە ئاكامی ھێڕشەكانی رژێمی ئەسەد دژی ئۆپۆزسیۆن، 102 ھەزار و 759 كەسی مەدەنی و بەگشتی 129 ھەزار و 403 كەس بوونەتە قوربانی. راپۆرتەكە ئاشكرا دەكات كە 12 ھەزار و 148 منداڵ و 11 ھەزار و 35 ئافرەت كوژراون، لەوانە سێ ھەزار و 461 كەس، كە 29 کەس لەوانە ئافرەت و 91یشیان منداڵن، بەئەشكەنجە گیانیان لەدەست داوە.
ھەروەھا راپۆرتەكە لەبارەی دەستگیركراوەكانەوە ئاماژە بەوە دەكا كە نۆ ھەزار منداڵ، چوار ھەزار و 500 ئافرەت و سەرجەم 215 ھەزار كەس لەلایەن ئەو رژێمەوە دەستگیر كراون.
راپۆرتەكە دەنووسێ لە مانگی ئاداری ساڵی 2011ەوە 900 ھەزار بینا كە نەخۆشخانە، قوتابخانە، مزگەوت و كەنیسەیان تێدایە روخاون. حەوت ھەزار و 500 ئافرەت لەلایەن ھێزەكانی رژێمەوە دەستدرێژیی سێکسییان کراوەتە سەر.
لە راپۆرتەكەدا ھاتووە كە شەش ملیۆن و 395 ھەزار كەس بەھۆی ئەو رووداوانەوە ناوخۆیی جێگۆركێیان كردووە و سێ ملیۆن و 600 ھەزار كەسیش وڵاتیان بەجێ ھشتووە و چوونە دەرەوە. لە ناو راپۆرتەكەدا كوژراو، گیراو و تەلارە رووخاوەكان بە وێنە و ڤیدیۆ سەلمێنراون.