پاش تێپه‌ڕبوونی چه‌ندین رۆژ به‌سه‌ر ده‌سپێكردنی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی گه‌نده‌ڵی و به‌رتیل خواردن له توركیا كه له‌و چوارچێوه‌یه‌دا چه‌ندین گه‌وره بازرگان و كوڕی چه‌ند وه‌زیرێكی ئه‌و وڵاته ده‌ستگیركران، میدیاكانی توركیا ئامانجی یه‌كه‌می ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی گه‌نده‌ڵی و به‌رتیل خواردن بڵاوده‌كه‌نه‌وه.
دوای ئه‌وه‌ی له ١٧-ی كانوونی یه‌كه‌می ئه‌مساڵدا ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی گه‌نده‌ڵی و به‌رتیل خواردن كه له‌لایه‌ن هێزه‌كانی پۆلیسی توركیاوه ده‌ستیپێكرد چه‌ند گه‌وره بازرگانێك و كوڕی چه‌ند وه‌زیرێكی حكومه‌تی توركیای گرته‌وه و چه‌ندین به‌رپرسی ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی ئیستانبوڵ و ئه‌نقه‌ره گۆڕانكارییان به‌سه‌ردا هێنرا، له ئێستادا دوو كه‌سایه‌تی ناو ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی گه‌نده‌ڵی و به‌رتیل خواردن بوونه‌ته جێگای مشتومڕی سه‌رجه‌م میدیاكانی توركیا و جیهان، ئه‌وانیش ره‌زا سه‌رافی ئازه‌ربایجانی به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ك ئێرانییه و له توركیادا وه‌كو بازرگانێكی گه‌وره ناسراوه كه ئێستا پێی ده‌ڵێن ره‌زا سه‌راب و ئه‌ویتریش گه‌وره بازرگانێكی ئێرانییه به‌ناوی بابه‌ك زه‌نجانی.
ئه‌مڕۆ رۆژنامه‌ی بوگونی توركی بڵاویكرده‌وه كه رۆژنامه‌ی كانونی ئێرانی ده‌رباره‌ی رووداوه‌كانی ئێستای توركیا و ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی گه‌نده‌ڵی رایگه‌یاندووه كه ره‌زا سه‌رافی گه‌وره بازرگانی توركیا و هاوسه‌ری ئیبرو گوندێشی گۆرانیبێژی توركیا په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێزی له‌گه‌ڵ ئه‌م گه‌وره بازرگانه ئێرانییه‌دا هه‌بووه ئه‌مه له كاتێكدا رۆژنامه‌ی نیویۆرك تایمزی ئه‌مریكی له راپۆرتێكی تایبه‌تییدا له تشرینی دووه‌می ئه‌مساڵدا له‌سه‌ر بابه‌ك زه‌نجانی، ئه‌و كه‌سه‌ی به‌مشێوه‌یه وه‌سف كردووه " بابه‌ك زه‌نجانی ئه‌و كه‌سه‌یه كه توانی ئێران له‌ژێر سزای ئابووری ئه‌مریكا و ئه‌وروپا رزگاربكات".
به‌گوێره‌ی راپۆرته‌كانی رۆژنامه‌ی بوگونی چاپی توركیا، ره‌زا سه‌راف له ساڵی ١٩٨٤ له باكۆی پایته‌ختی ئازه‌ربایجان له دایكبووه، به‌ڵام خانه‌واده‌كه‌ی ئێرانین و خاوه‌نی چه‌ندین گه‌وره كۆمپانیایه له‌ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی توركیا له‌ناویشیاندا (Royal Denizcilik A.Ş.، Safir Altın Ltd،Al Nafees Exchange،Are Havacılık،Royal Mobilya).
سه‌ره‌ڕای ئه‌م كۆمپانیایانه سایتی ئێن سۆن هه‌به‌ری توركی بڵاویكردووه‌ته‌وه به‌هاوكاری له‌گه‌ڵ بابه‌ك زه‌نجانی خاوه‌نی چه‌ندین كۆمپانیای قه‌ده‌غه‌كراون.
" ئێن سۆن هه‌به‌ر" بڵاویكردووه‌ته‌وه كه وه‌زاره‌تی خه‌زێنه‌ی ئه‌مریكا رایگه‌یاندووه زه‌نجانی چه‌ند كۆمپانیایه‌كی به‌ناوه‌كانی (International Safe Oil، First Islamic Investment Bank) له مالیزیا و (Sorinet Commercial Trust Bankers) له دوبه‌ی كردووه‌ته‌وه و له رێگه‌یانه‌وه نه‌وتی ئێرانی به جیهان فرۆشتووه و خاوه‌نی شه‌ست و چوار كۆمپانیایه له جیهاندا و به‌پێی چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی هه‌واڵی ئه‌وروپاش زه‌نجانی یه‌كێكه له ملیاردێره‌كانی جیهان و ده‌ستكه‌وتنی ئه‌و بڕه زۆره‌ی پاره‌یه‌ش ده‌گێڕنه‌وه بۆ په‌یوه‌ندی پته‌وی له‌گه‌ڵ كه‌سایه‌تییه سیاسییه جیهانییه‌كان.
به‌گوێره‌ی رۆژنامه‌ی وه‌ته‌نی توركیاش سه‌رمایه‌كه‌ی زه‌نجانی ١٣.٥ ملیار دۆلاره كه به‌سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی ئاڵوگۆڕكردنی بازرگانی ئێران له‌گه‌ڵ جیهاندا داده‌نرێت و به‌پێی رۆژنامه‌ی نیویۆرك تایمزیش دانیشتنی به‌رده‌وامی له‌گه‌ڵ وه‌زیری نه‌وتی ئێران‌دا هه‌بووه.
چه‌ند وێنه‌یه‌كیش كه تازه بڵاوبوونه‌ته‌وه، په‌یوه‌ندی زه‌نجانی له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی به‌سیجی ئێران‌دا ده‌رده‌خه‌ن.
له‌لایه‌كی تریشه‌وه له‌لایه‌ن رۆژنامه‌ی( سامانیۆلو)ه‌وه بڵاوكراوه‌ته‌وه له ساڵی ٢٠١٣-دا له‌لایه‌ن یه‌كێتی ئه‌وروپا و ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكاوه ژماره بانكییه‌كانی زه‌نجانی ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراوه و كراونه‌ته لیستی ره‌شه‌وه، به‌ڵام دواتر به‌هاوكاری ره‌زا سه‌راب له رێگه‌ی توركیاوه ده‌ستیكردووه به ئاڵوگۆڕكردنی ئاڵتون.
ئه‌وه‌ی جێگه‌ی تێبینی رۆژنامه‌كانی توركیایه، ره‌زا سه‌رابی گه‌وره بازرگانی توركیا به چ شێوه‌یه‌ك ره‌گه‌زنامه‌ی توركی وه‌رگرتووه و كێ یارمه‌تیده‌ری بووه له هاتنه ناو توركیا و ده‌ستكردنی به كاری بازرگانی به‌و شێوه فراوانه.