
لۆگۆی ئیخوان موسلیمین و یەکگرتووی ئیسلامی
سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی یەكگرتووی ئیسلامی کوردستان رەتیدەکاتەوە ئیخوان تیرۆریستبن و دەڵێت: "ئەگەر ئیخوان تیرۆریست بێت هەموو بزووتنەوە سیاسییە میانڕەوەکانی جیهان تیرۆریستن"و لە هەمان کاتدا رایگەیاند:"ئێمە هیچ پەیوەندییەکمان بە ئیخوانەوە نییە و حیزبێکی کوردستانین."
محەممەد رەئوف، سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی یەكگرتوو دەرباری بە تیرۆریست ناساندنی ئیخوان موسلمینی میسر لەلایەن حکومەتی ئەو وڵاتە و تێڕوانینی یەکگرتوو بۆ ئەو بڕیارە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پێش ئەوەی ئێمە وەڵامێكمان بۆ ئەو شتە هەبێت، ئۆباما وەڵامی داوەتەوە و گوتویەتی، کە ئەمە قسەیەکە هەر مانای نییە و بۆ گفتوگۆش نابێت و تەنها تۆمەتە."
سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكگرتوو گوتیشی: "ئەگەر بڕیار وابێت ئیخوان تیرۆریست بێت، مانای وایە میانڕەو لە جیهاندا نییە نە لە ئیسلامی و نە لە عیلمانی و هەموو بزووتنەوە سیاسییەکانی جیهان تیرۆریستن و هەمووشیان توندڕەون."
محەممەد رەئوف ئاماژە بە مێژووی ئیخوان دەکات و دەڵێت: "مێژووی ئەوان دەیسەلمێنێت باوەڕیان بە توندڕەویی هەر نەبووە، جا ئەوان پینەی حاڵی خۆیان بە چی بکەن، کاتێک کودەتا دەکەن بە سەر شۆڕشێکدا، کە شۆڕشەکەش بە دیموکراسی دەسەڵاتێکی پەسەندکرد، خۆ هەر دەبێت پێی بڵێن تووندڕەو و تیرۆریستە، ئەی بڵێن چی."
سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان دەربارەی کاریگەری ئەو بڕیارە لەسەر حیزبەکەی گوتی: "ئێمە وەک یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان هیچ پەیوەندییەکمان بە ئیخوانەوە نییە، نە کاریگەری ئەرێنی و نە کاریگەری نەرێنی لە سەر ئێمە نییە."
محەممەد رەئوف بە قوتابی دانانی یەکگرتوو لە قوتابخانەی ئیخوان بە خوێندنەوەی مێژوو دادەنێت و دەڵیت: "هیچ پەیوەندییەکی ئۆرگانی لە نێوان ئێمە و ئیخوان نییە، ئێمە حیزبێکی کوردستانیین و ئەو پرسە هیچ کاریگەریەکی لەسەر ئێمە نابێت."
رۆژی پێنجشەممە 26-12 2013، هیشام عیسا، جێگری سەرۆک وەزیرانی میسر، لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کۆمەڵەی ئیخوان موسلمین و رێکخراوەکانی سەر بەو کۆمەڵەیەی لە ناوەوە و دەرەوەی میسر بە "تیرۆریست" لە قەڵەم دا و رایگەیاند: "سەرجەم ئەو کەسانەی ئەندامی رێکخراوەکانی سەر بە ئیخوانن، لەرێی یاساوە سزا دەدرێن."
0 Comments