
خەندان- گروپی چەكدارەی بەرەی نوسرە، كە لە پاش سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆی سوریا سەریهەڵدا و لە دژی بەشار ئەسەد دەجەنگن، لە بەیاننامەیەكیاندا ئاماژەیان بەوە كردووە، هێزەكانیان رەوانەی لوبنان كردووە.
بەرەی نوسرە لەسەر پێگەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی(تویتەر) بڵاویانكردۆتەوە، هێزەكانیان رەوانەی لوبنان كردووە، ئەوەش وەكو كاردانەوەیەكە لە دژی حزبوڵا كە لە سوریا دژی هێزەكانی ئۆپۆزسیۆن دەجەنگن.
لە بەشێكی دیكەی نوسینەكەدا هاتووە، بەرەی نوسرە بەرپرسیارەتی خۆیان لە ئاراستەكردنی 10 موشەكی جۆری گراد بۆ ناوچەی سنوری هەرمل، گرتۆتە ئەستۆ.
ئاماژەش بەوەكراوە، ئەوان لەگەڵ كتیبەی (مەروان حەدید) وەڵامی هێرشەكانی حزبوڵا لە لوبنان دەدەنەوە، كە چۆن لە خاكی سوریادا هاوشانی بەشار ئەسەد دژ بە هێزەكانیان دەجەنگن.
0 Comments