
عادل كەلبانی موفتی ناوداری سعودییە
بەرپرسانی ئینگلیز رێگەیان نەدا عادل كەلبانی موفتی ناوداری سعودییە و پێشنوێژی مەسجد حرام، بەهۆی گوتارە تەكفیرییەكانیەوە بێتە ناو خاكی وڵاتەكەیانەوە.
بە پێی هەواڵێكی رۆژنامەی (دەیلی ئێكس پرێس) بەرپرسانی بەریتانیا ڤیزای كەلبانیان رەتكردۆتەوە و ئەمەش لە كاتێكدا بووە، ئەلكەلبانی بەمەبەستی فڕین بەرەو فڕۆكەخانەی (شا خالد) رۆیشتووە و كاتێك گەیشتۆتە ئەوێ پێیان راگەیاندووە، ڤیزاكەی رەتكراوەتەوە.
ئەو رۆژنامەیە ئاماژەشی بەوەكردووە، دەركەوتنی تەكفیركردنی شیعەكان لە لایەن كەلبانیەوە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2008، ئەوەش هۆكار بووە بۆ رێگریكردن لە نەرۆشتنی بۆ بەریتانیا، چونكە بەرپرسانی ئەو وڵاتە ترسی ئەوەیان هەبووە، شەڕی تایفی لە نێوان موسڵمانانی وڵاتەكەی هەڵگیرسێت.
رۆژنامەكە ئەوەشی نوسیووە، بە پێی وتەی پسپۆران، توندەڕەوكان هەوڵی ئەوە دەدەن جیاوازی لە نێوان موسڵمانانی شیعە و سوننە لە بەریتانیا دروست بێت.
لە لێدوانێكیدا كەلبانی دەڵێت، مانگی تشرینی یەكەمی رابردوو ڤیزای لە باڵیۆزخانەی بەریتانیا وەرگرتووە، بەڵام ئەوەی جێگەی پرسیارە بۆ سەرەتا رەزامەند بوون و دواتر پەشیمان بوونەوە.