![]() |
نەخۆش كەوتن بە بوغزاندنی خەڵكییەوە دەرمانی نییە
دوێنێ 23/7/2013 سایتی "چاوی گەل" بە ناوی بەشی ھەواڵەوە بابەتێكی بۆ ناوزڕاندنی مامۆستا كرێكار نوسیوە. كاتێك "چاوی گەل" و ئەوانەش كە لە پشتیەوە وەستاون ھەوای ناوبانگ دەركردن لە كەللەی دابون، پرینسیپەكانی خۆیان پێشێل دەكرد و، بانگھێشتی مامۆستا كرێكار و ھەندێك ئیسلامی تریان دەكرد، یان داوای چاوپێكەوتن و بابەتیان لێ دەكردن.
ئەگەر ئەو بابەتانەی "چاوی گەل" لە سەر ئێمەی نوسیوە بخوێنینەوە دیكتاتۆریەتێكی زۆر قوڵی لە ناخی خۆیدا حەشار داوە. ئەوانە دەیانەوێ ئەم میللەتەی ئێمە وەك ئەوان بیربكەنەوە و بچنە قاڵبی ئەوانەوە. ئەوان كێیان خۆشویست، ئێمەش كوێرانە خۆشمان بوێت و، ڕقیشیان لە كێ بو، دەبێ ئێمەش ڕقمان لێی بێت. ئەگەرنا خیانەتكار و دوژمن بە میللەتین.
سوكایەتی پێكردن و ھاتوھاوار ھیچ كاتێك نیشانەی دڵسۆزی نەبوە بۆ نیشتمان و، حەماس نەبوە بۆ كوردایەتی و مافە نەتەوایەتییەكان. ئەگەر بە ھاتوھاوار بوایە قەزافی و بنعەلی و حوسنی موبارەك و عەلی عەبدوڵا ساڵحی یەمەن و سەدام حسین و بەشار ئەسەد نمونەی دیموكراسین، چونكە ئەوان ھەڵبژاردنیان ڕێكدەخست و بانگەشەی دیموكراسی و ئازادی و ئازادی ڕادەبڕینیشیان دەكرد و، میدیاكانیان شەو و ڕۆژ بالۆرەی نیشتمان پەروەری و نەتەوەخوازییان لێ دەدا.
ئەگەر مامۆستا كرێكار ئەو نامەی لە سایتەكەی ئەوان یان لەو میدیایە بڵاوبكردایەتەوە كە سەر بەوانە ھیچ گۆمانیان لێی نەدەبو و دەستخۆشیان لێ دەكرد و، پاساویان دژ بە پرینسیپەكانی خۆیان بۆ دەھێنایەوە.
"چاوی گەڵ" لەو كاتەی بانگەشەی ئەوە دەكات كە دژی دەسەڵاتە، چۆتە جەواڵی یەكێتی نیشتمانی و ھەمان ڕای ئەوان ڕەنگ پێ دەداتەوە كە دەڵێ :ئەوانەی چون بۆ جیھاد بۆ سوریا لە ژێر كارتێكردنی "مەلا كرێكاردا" بون. ئەم بیركردنەوە میكاڤیللیانە ھەر لە خۆیان دەوەشێتەوە.
ئێوە كە ئێستا نەگەیشتونەتە دەسەڵات ئاوا توندوتیژ و دیكتاتۆرن و ئەوانە ڕەفز دەكەنەوە كە وەك ئێوە بیرناكەنەوە، باشە ئەگەر گەیشتن بە دەسەڵات چیمان لێ دەكەن؟ من لەو بڕوایەدام وەك كۆمۆنیستەكانی ئەندەنوسیای ساڵانی شەستەكان موسی ڕیش تاشین دەدەنە دەست ئەندامە ژنەكانیان و دەستوقاچی ئێمەش لە بەردەستیاندا دەبەستن تاوەكو ھەر ڕۆژەی كەمێك گۆشتمان لێ بكەنەوە و، خوێ بكەنە ناو برینەكانمان.
ئێوە ھەر ھاتوھاوارتان ھەیە و ماڵی خەڵكی بە قسە زلەكانتان كاول دەكەن. كوا چیتان كرد بۆ سۆرانی مامە حەمە؟! كوا چیتان كرد بۆ سەردەشت عوسمان؟!! كوا چیتان كرد بۆ ئەوانەی لە 17 شوبات و لەو خۆپیشاندانانەدا كوژران كە بە ھاتوھاواری ئێوە گەرم بو و، دوایی پشتان تێكرد وەك ئەوەی ئێوە نەبوبێتن كە ھانتان دەدان.
ئێوە ئەگەر لە گەڵ ڕاستیدان و حەق دەبێژن بۆچی نامەكەی مامۆستا كرێكار وا پێناسە دەكەن كە تەنھا بۆ بارزانی نوسیوە؟ ئەی بۆچی ناوی ئەو دەزگا و لایەنانە ناھێنن كە ھەمان نامەیان ئاڕاستە كراوە، لەوانە سهرۆكی پهرلهمانی كوردستان، سهرۆكی حكومهتی ههرێمی كوردستان، سهرۆكی لیستی كوردستانی، سهرۆكی لیستی یهكگرتووی ئیسلامی،سهرۆكی لیستی گۆران، سهرۆكی لیستی كۆمهڵی ئیسلامی، سهرۆكی لیستی بزووتنهوهی ئیسلامی ، سەرۆكی لیستی سۆسیال دیموكراتی كوردستان؟!!
ئەگەر نوسینی دەستەواژەی "بەڕێز" بە لاڵانەوە دەزانن، خۆ مامۆستا كرێكار ئەو دەستەواژەی بۆ ھەمو ئەوانە بەكارھێناوە كە نامەكەی ئاڕاستە كردون.
لە كۆتاییدا ڕاشكاوانە پێتان دەڵێم: ئێمە پارتی نین و خۆشمان بە كەمتر لە ئێوە نازانین و، بە ھیچ كەس و لایەن و دەوڵەتێكیشەوە نەلكاوین. پێتان خۆش بێت یان ناخۆش بێت بونمان لەناو میللەتی خۆماندا ھەیە و، دڵسۆزی میللەتی خۆشمانین و، بۆ چركەساتێك خیانەتمان لە نەتەوەی خۆمان نەكردوە. نەخۆش كەوتنیش بە بوغزاندنی خەڵكییەوە دەرمانی نییە.

0 Comments