بەرپرسێکی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوە دەکات: "دەستنیشانکردنی ژمارەی دروستی کوژراوەکان لە سووریا بووەتە یەکێک لە سەختترین کارەکانمان، بە حاڵێک گەیشتووین، کە چیتر ناتوانین کوژراوەکان بژمێرین و وازمان لەو کارە هێناوە".
رۆبەرت کۆڵڤێل رایگەیاند: ''چیتر ناتوانن متمانە بەو سەرچاوانە بکەین، کە لەنێوخۆی سووریاوە ژمارەی کوژراوەکانمان بۆ رەوانە دەکەن".
بەپێی سەرچاوەکانی هەواڵ، دوایین ئاماری ژمارەی کوژراوان، کە لە مانگی تەمووزی ساڵی 2013 بڵاوکرایەوە ژمارەی کوژراوەکان گەیشتە سەرووی 100 هەزار کەس، بەڵام پێشهاتەکانی دوای ئەو مانگە بەدواوە وایکرد ژمارەی کوژراوان ئەوەندە بەرزببنەوە کە بەدواداچوونی بۆ نەکرێ".
رۆبەرت کۆڵڤێل بە ئەسۆشەیتد پرێس-ی راگەیاندووە: " دەستنیشانکردنی ژمارەی دروستی کوژراوەکان لە سووریا بووەتە یەکێک لە سەختترین کارەکانمان، بە حاڵێک گەیشتووین، کە چیتر ناتوانین کوژراوەکان بژمێرین و وازمان لەو کارە هێناوە، لەمەودوا ناتوانین رۆژ بەرۆژ بەدوای ژمارەکاندا بچین".
بەڵام رێکخراوی چاودێریکردنی مافەکانی مرۆڤ لە سووریا، کە بارەگاکەی لە لەندەنە رایگەیاندووە: "لە سەرەتای مانگی ئازاری 2013 تاوەکو ئێستا ژمارەی کوژراوان 130 هەزار کەسی تێپەڕاندوە".
عومران زوعبی، وەزیری راگەیاندنی سووریا، دوێنێ لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانییدا لە دیمەشق رایگەیاند: "خەڵکی سووریا دەیەوێ بۆ خولێکی دیکە بەشار ئەسەد خۆی بۆ سەرۆک کۆماری سووریا هەڵبژێرێتەوە، بەڵام دواین بڕیار ئەسەد خۆی دەدیدات".
ئەمە لە کاتێکدایە مەرجی بەشێکی زۆر لە لایەنەکانی نێو ئۆپۆزیسیۆنی سووریا ئەوە بووە، کە داهاتووی سووریا بەبێ ئەسەد بێت و بۆی نەبێ خۆی بۆ خولێکی دیکە هەڵبژێرێتەوە.
لە سەرەتای ساڵی 2011ـەوە، شەڕ لە نێوان ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و رژێمی بەشار ئەسەد سەری هەڵداوە و وێرای ئاوارەبوونی زیاتر لە 2.5 ملیۆن هاونیشتیمانی، زیاتر لە 130 هەزار کەسیش کوژراون.
0 Comments