Blogger Tricks

Pages

Ads 468x60px

الفئة 2

Tips Tricks And Tutorials
Drop Down MenusCSS Drop Down MenuPure CSS Dropdown Menu

تجربة 3

إعلانات

پەرستن تەنها عیبادات نییە!





ماناو واتای چەمکی پەرستن
چەمکی پەرستن لاڕێبونێکی ترسناکی لە بیرو تێڕوانینی مسوڵماناندا درووست کردووە، هەربۆیە پێویستدەکات ئەم چەمکە پاکبکرێتەوە لەو خەوش و خۆڵەی کە ساڵەهای ساڵە لەسەری نیشتووە بۆ ئەوەی بتوانین ڕووە ڕاستو درەوشاوەکەی نیشانی خەڵکی و مسوڵمانان بدەین..

 لێرەشدا تیشک دەخەینە سەر ئەو ماناو مەبەستە ڕاستەی کە ئەم چەمکە دەیخوازێت، بۆ ڕاستکردنەوەو پێشاندانی ڕووە ڕاستیەکەی پەرستن دەبێت بگەڕێنەوە بۆ سەردەمی زێڕین کە یەکەم سەدەی خیلافەتی ئیسلامیە لە نەوەی یەکەمی ئوممەتی مسوڵمان، پێش ئەوەی باس لەوە بکەین گرنگە وەبیری خوێنەرانی بێنینەوە کە زۆر گرنگە مسوڵمانان لە ماناو واتا ڕەسەن و گەورەو بەهایەکەی بگەن و چیتر وا نەزانن پەرستن تەنها عیباداتەو بەس، چونکە مرۆڤ هەرچەندە هەوڵبدات ناتوانێت تەنها لە میانەی درووشمەکانی پەرستن ( نوێژ و ڕۆژوو و زەکات و حەج ) ئەرکی ئەو پەرستنە جێبەجێ بکات کە لەلایەن خوای گەورەوە لەسەری فەرز کراوە، ئەو پەرستنەش وەها لەسەری فەرز کراوە کە لە تواناو ووزەی مرۆڤەکەدا بێت هاوکات لە گەڵ ماندوو بون و ڕەنج و کۆششی ڕۆژانەیدا بگونجێت، بە جۆرێک کە پەرستنێک بێت کە پەکی نەکەوێت و شتێک نەخاتە سەرشانی کە پێی نەکرێ، لە هەمان کاتیشدا فراوان دەبێت هەر لە ساتی ئەرکباربوونییەوە تا کاتی مردنی لە هیچ کات و شوێنێک و تەنانەت لە هیچ چرکەیەکی ژیانیدا لێی دانابڕێت (قُلْ إِنَّ صَلاتِي وَنُسُكِي وَمَحْيَايَ وَمَمَاتِي لِلَّهِ رَبِّ الْعَالَمِينَ ، لاَ شَرِيكَ لَهُالانعام/ 162 ( نوێژ و حەج و درووشمەکانی ژیان و مەرگ بۆ خودایە، کە هەرخۆی پەروەردگاری جیهانەو هیچ شەریکێکی نییە ) ئەوە ئەو پەرستنەیە کە مرۆڤی پێ ئەرکبار کراوە و داوای لێکراوە بەو جۆرە خوای خۆی بپەرستێ، لێرەدا نوێژو ڕۆژوو درووشمی پەرستنەکانەو ژیان و مردنیش کە هەر هەموو ژیانی دەگرێتەوە تا کاتی مردنی تەواوکەری پەرستنەکەیە کە تەنهاو تەنها بۆ ئەو خوایەیە کە بێ شەریک و بێ هاوتایە .
پێغەمبەری نازدارمان صلی اللە علیە وسلم و نەوەی یەکەمی ئوممەتی ئیسلامی خوایان لێڕازیبێت بەم شێوە لەم چەمکە گرنگەی پەرستن گەشتبوون، هەرگیز بچوکیان نەکردبووەوە لە نێو درووشمەکانی پەرستندا کە بە شێوەیەک تەنها ئەو کاتانەی ئەو درووشمانە ئەنجام دەدەن بە تەنیا ببنە ساتانی پەرستن، پاشماوەی تری ژیانیان لە دەرەوەی ئەم پەرستنەدا بێت، بەڵکو لەلای ئەوان هەموو ژیانیان پەرستن بوو درووشمەکانیش ساتانێکی گرنگو تایبەتو چڕو پڕ بوو وە هێزوو ووزە بەخشێکی ڕۆحیو دەروونی بوو بۆبەجێهێنانی پەرستشەکانی تر، هەر بۆیە ئەوان حەقی تەواویان بەم چەمکە یابوو چونکە زۆر بە باشی لێی تێگەشتبوون، ئەوان خوایان لێڕازیبێت بە جۆرێک بوون کە خوای گەورە لە وەسفیاندا دەفەرموێت: (الَّذِينَ يَذْكُرُونَ اللَّهَ قِيَامًا وَقُعُودًا وَعَلَىَ جُنُوبِهِمْال عمران/ 191 ( ئەوانەی چ بە ڕاوەستانەوە چ بەدانیشتنەوە چ بە ڕاکشانەوە هەر یادی خوا دەکەن (بە جۆرێک کە ئەو زاتە فەرامۆش ناکەن) لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت پەرستن لەلای ئەوان لە هەموو کات و شوێن بارێکیاندا بوو، یادو پەرستشیان تەنها بە زمان نەبوو تەنها یادی دڵیش نەبوو بەڵکو لە پاڵ ئەوانەشدا کردەوەیەک بوو کە بە گیانی پەرستنی خوای تاقانەوە ئەنجامیان دەدا، ئەو زیکرو یادانەش کە بە دەنگ بەرزو بە کۆمەڵ (خەڵوەت) بە شێوەی تەریقەت دەکرێت لە ئەمڕۆدا لە نەوەی یەکەمەوە خوایان لێڕازیبێت نەهاتووە بەڵکو شتێکی تازەیەو داهێنراوە .
پەرستن دەبێت هەر بەو شێوە بێت کە نەوەی یەکەمی لەسەر گۆش کرا بوو چونکە ئەوان پەروەردەی دەستی پێغەمبەی خوا بوون صلی اللە علیە وسلم کاتێکیش هەڵەو کەم کوڕيیەک یان زیادە ڕەوییەکیان کردبێت لەم پەرستنەدا یەکسەر خوای گەورە یان پێغەمبەری خوا   صلی اللە علیە وسلم  ئاگاداری دەکردنەوەو بۆیانی ڕاست دەکردەوە، وەک لە صەحیحی بوخاری موسلیمدا هاتووە ( جارێک سێ کەس چوونە یەکێک لە ماڵەکانی پێغەمبەری خوا   صلی اللە علیە وسلم  پرسیاریان لەسەر چۆنێتی خوا پەرستی پێغەمبەری خوا  صلی اللە علیە وسلم  کرد، کە پێیانی گووت وەک پێیان کەم بوو بێت یەکێکیان ووتی: ئێمە لە کوێن لە چاو پێغەمبەری خوا  صلی اللە علیە وسلم  کە خوا لە گوناهی پێشینەو پاشینەی خۆش بووە، بۆیە یەکێکیان ووتی: ئیتر لێرە بەدواوە هەموو ڕۆژێک بە ڕۆژوو دەبم و ڕۆژێکیشی لێناخۆم، یەکێکی تریان ووتی: هەرچی منیشم شەوانە هەڵدەستم و نانووم، سێهەمیشیان ووتی: منیش هەرگیز ژن ناخوازم، کە پێغەمبەری خوا  صلی اللە علیە وسلم  بیستییەوە فەرمووی: (ئەوە ئێوەن واو واتان گوتووە؟ کەچی بەخوا من لەئێوە زیاتر لە خوا دەترسم و لە ئێوەش زیاتردەیپەرستم، بەڵام من بەڕۆژوو دەبم و بەڕۆژووش نابم، شەویش هەڵدەستم و دەیشخەوم، ژنیش دەخوازم هەرکەسێکیش بە سونەتی من ڕازی نەبێت لە من نییە ) لێرەوە ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە پەرستن بە ئارەزووی مرۆڤ خۆی نییە بەڵکوو دەبێت بەو شێوە بێت کە خوای گەورە دەیخوازێت وپێغەمبەرەکەی  صلی اللە علیە وسلم  هێناویەتی و نەوەی یەکەم لەسەری ژیاون و بە ئەنجامیان گەیاندووە، نەک وەک ئەوەی کە ئەمڕۆ دەیبینین چەندەها شتی جۆر بەجۆریان بۆ زیاد کردووە بە تایبەت لە تەسەوفی تەریقەتی شێخان و هێندێک لە حیزبە ئیسلامیە مۆدێرنەکان کە هەمووی زیادەڕەوییەو دوورە  لەم چەمکەوە کە باسی لێوە دەکەین. .
دەبێت پەرستن بریتی بێت لەو مومارەسەکردنەی ژیان کە پەرستش تیایدا لە بوارە جیاجیاکانی ژیاندا  ڕەنگ بداتەوە بە یادکردنی خوادا لە هەموو کات و شوێنێکدا، هەروەک چۆن نەوەی یەکەم یادی خوایان دەکردو لە خۆیان دەپرسییەوە ئایا ئەوان لە بارێکدان کە خوادا ڕازی دەکات یان خودا تووڕە دەکات؟ ئەگەر لە باری ڕەزامەندی خوادا بونایە سوپاس و ستایشیان لەسەری دەکرد ئەگەر لە بارێکی دیکەش بونایە داوای لێخۆشبون و لێبوردنیان لە خوای خۆیان دەکرد و زوو بە زووی بۆلای خوای گەورە دەگەڕانەوە، هەمیشە لە خۆیان دەپرسیەوەو دەیان ووت، ئایا خوای گەورە لەم کاتەدا چی لێمان دەوێت؟ واتە لەو چرکەدا چ ئەرکێکمان لەسەر شانە، ئەگەر هەر شتێک بوایە یەکسەر بێ یەک و دوو هەڵدەستان و ئەنجامیان دەدا ئیتر بە ماڵ بوایە یان بە ڕۆح یا بە هەرشتێکی تر بە ئەنجامیان دەگەیاند ئەمە بوو ماناو واتای پەرستن لەلای ئەوان، هەر بۆیە زۆر گرنگە مسوڵمانانی ئەمڕۆش وەک ئەوان خوایان لێڕازیبێت لەم چەمکی پەرستنە بگەن تا بتوانن بەو شێوازەی کە خوای گەورە دەیەوێت بیپەرستن نەک بەو شێوەی کە خۆیان دەیانەوێت و لێی تێگەشتوون، چونکە پەرستن زۆر لەوە گەورەتر و زیاترە کە ئێمە لێی تێگەشتووین. 
لە کۆتایی ئەم باسەدا گرنگە ئەوەش بزانین کە نەک هەر ئێمە وەک مرۆڤ پەرستشی خوا دەکەین بەڵکو هەموو دروستکراوەکانی تری لە نێوان ئاسمانەکان و زەویدا زیکر و یادی خوا دەکەن هەموو کات لە پەرستشدان بە تایبەت فریشتەکان کە یان لە سوجدەدان یان لە ڕکوعدان بۆ خوای گەورەو باڵا دەست.
لە کۆتایدا لە خوای گەورە دەپاڕێنەوە کە زیاتر لە دینەکەی شارەزامان کات تا بتوانین بەو شێوەیە بیپەرستین  کە پێی ڕازییە وە داواکاریشین لە کەمو کوڕیەکانمان بوبورێت. 
تێبینی: لە نوسینی ئەم بابەتەمدا سودێکی زۆرم لە کتێبی (مفاهیم ینبغی ان تصحح) ی  محمد قطب وەرگرتووە

Comments
0 Comments

صوت و صورة