(ئه‌مڕۆ 14ی شوباتی 2014 ) له‌شاری هه‌ولێر
به‌به‌شداری ژماره‌یه‌ك هاوڵاتی و چالاكوانانی رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی خۆپیشاندانێكی هێمنانه له‌به‌رده‌م په‌رله‌مانی كوردستان بۆ پێش كونسوڵخانه‌ی توركیا له‌و شاره به‌ڕێوه‌چوو.
له‌گه‌ڵ گه‌یشتنی خۆپیشانده‌ران بۆ به‌رده‌م كونسوڵخانه‌ی توركیا كه ده‌یان وێنه‌ی ئۆجالانیان هه‌ڵگرتبوو، به‌یاننامه‌یه‌ك له‌به‌رده‌م نێرده‌ی ده‌زگاكانی راگه‌یاندن خوێندرایه‌وه و تیایدا ئاماژه به‌وه‌كرا كه "له‌ماوه‌ی ئه‌و 15 ساڵه‌دا به هه‌موو شێوه‌یه‌كی ئه‌شكه‌نجه و شه‌ڕی سایكۆلۆژی و ژه‌هرخواردكردن هه‌وڵیانداوه، رێبه‌ر ئاپۆ ته‌سلیم به خواست و ویسته‌كانیان بێت، به‌ڵام ئاپۆ به‌و به‌رخودانه مێژووییه‌ی كه ده‌یكات، خۆی گه‌یانده ئاستی ماندێلای كوردان".
له به‌یاننامه‌كه‌دا په‌یامێك ئاراسته‌ی لایه‌نه سیاسییه‌كان كرا و داواكرا، لایه‌نه سیاسیه‌كان پشتگیری خۆیان بۆ كانتۆنه‌كانی رۆژئاوا ده‌رببڕن، به‌تایبه‌ت پارتی دیموكراتی كوردستان و له هه‌ڵوێستی ئێستای خۆی به‌رامبه‌ر كانتۆنه‌كانی رۆژئاوا پاشه‌گه‌زببێته‌وه، چونكه ئه‌و جۆره هه‌ڵوێسته خزمه‌ت به دۆزی ره‌وای گه‌لی كوردستان ناكات".
له‌كۆتایی به‌یاننامه‌كه‌شدا ئاماژه به‌وه‌كرا، "له‌نه‌ورۆزی ساڵی رابردوو (ئۆجالان) ده‌ستپێشخه‌ری ئاشتی راگه‌یاند و تائێستاش 16 جار شاندی دانوستكار له‌گه‌ڵی كۆبۆته‌وه، هه‌رچه‌نده ته‌گه‌ره‌ی زۆر بۆقۆناغی ئاشتی له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی توركیاوه دروستكراوه، دواترینیشیان مۆنتاژكردنی دیمه‌نه جیاوازه‌كانی (عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان) له‌كاتی لێكۆڵینه‌وه‌كانن، به‌ڵام ئه‌مانه نه‌یانتوانیوه هیوابڕاوی بكه‌ن".
دواتر خۆپێشانده‌ران به‌یاننامه‌كه‌یان پێشكه‌ش به كونسوڵخانه‌ی توركیا كرد، دا‌واشیان كرد به‌مه‌به‌ستی به‌ئاكام گه‌یاندنی قۆناغی ئاشتی كار بۆ ئازادكردنی (ئۆجه‌لان) بكرێت.
له 15ی شوباتی 1999 له پایته‌ختی وڵاتی كینیا، عه‌بدوڵا ئۆجالان ده‌ستگیر كرا، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی توركیادا، سوریا ناچار كرا سه‌رۆكی له وڵاته‌كه‌ی ده‌ریبكات.